A collection of oral narratives and songs of generations...
Title: وا مهکه
Performer: ماملێ
Category: Goranî
Dialect: Sorani
Audio:
Text:
بەهار نییە زستانە، دەردی عاشقان گرانە
برۆی لێم بووە بە وەزیر، چاوی دەڵێی سوڵتانه
ئاخرێ بە دەست وی دەچم وەک ڕۆژم لێ عەیانە
وا مەکە، وا مەکە، وا مەکە، وا مەکە دایکم دیارە
با لە سەر باڵای بەرزت، با بدرێم لە سێدارە
وەرە وەرە ئایشەگوڵ، بۆ تۆ نەمام سوورەگوڵ
هەر کەس جارێک بتبینێ مەقسوودی دەبێ حاسڵ
دەترسم لێرە بمرم بمسووڕێنێ ئاو و گڵ
وامەکە، وامەکە، وامەکە، دایکم دیارە هەتیوە
بۆ دەنا چاوت کوێرە لەسەر کانێ نەتدیوە
هەم نارنجە و هەم سێوە، هاوار یا شێخی کڕێوە
غەم و مەراقی یارێ ئیشکی کردووم بە پێوە
یاڕەبی نەبارێ باران، تاقەگوڵەکەم بەڕێوە
وا مەکە، وا مەکە، وا مەکە، وا مەکە دایکم دیارە
با لەسەر باڵای بەرزت، با بدرێم لە سێدارە
چارەم ناکا ئەفلاتوون، دڵ کەوتووە و بێقەرارە
بە سەیدی سەفاخانە، هاوار یا شێخی بیارە
غەم لەشکری کێشاوە بۆ سەر ئەمنی بێچارە
وا مەکە، وا مەکە، وا مەکە دایکم دیارە و دەست دێنێ
ئەو بەرموورەی لە ئەستۆی دا، لاڵ بم مەمکی دێشێنێ
دەتفەرموو بۆ تۆ نابم، چۆنی تۆ دەڵێی وا بم
کەوتبوومە بەندیخانێ، بەیادی تۆوە مابووم
یاڕەبی کۆستی دڵ کەوێ، گەر ساتێ لێت جودا بم
وا مەکە، وا مەکە، وا مەکە، وا مەکە دایکم دیارە
با لەسەر باڵای بەرزت، با بدرێم لە سێدارە
This corpus is publicly available for non-commercial use under the CC BY-NC-SA 4.0 license. © Copyright 2020 Kurdish-BLARK
This interface was created by Sina Ahmadi based on Jekyll-DB (Jekyll + ListJS + Bootstrap).