A collection of oral narratives and songs of generations...
Title: یاران وەسیەتم
Performer: کەریم کابان
Category: Goranî
Dialect: Sorani
Audio:
Text:
یاران وەسیەتم ئەمە بێ لاتان
هەرچەن کەوتوومە دوورە وڵاتان
تەنیا گۆڕکەم لە ڕێی خێڵان بێ
نزیک هەوارگەی جاف و گۆران بێ
کیلێکی بەرزیش بە قەت باڵای (شەم)
لە ژوور سەرم بێ،بێ زیاد و بێ کەم
یاران وەسیەتم ئەمە بێ لاتان
هەرچەن کەوتوومە دوورە وڵاتان
تاقێکیش وێنەی تاقی برۆی ئەو
کە سوجدەگاهی گیانم بێ بە شەو
بنووسن بە خوێن جەرگی سەر کردووم
کە من بە تیری دەستی (شەم) مردووم
یاران وەسیەتم ئەمە بێ لاتان
هەرچەن کەوتوومە دوورە وڵاتان
چونکە ئەو (شەمە) تاتاری چینە
لە دەشت بێزارەو و چیا نشینە
بەڵکوو هەڵکەوێ لە ڕاگۆزارێ
ڕێگای بخاتە سەر گۆڕم جارێ
یاران وەسیەتم ئەمە بێ لاتان
هەرچەن کەوتوومە دوورە وڵاتان
بزانێ کوشتەی دەستی خۆیەتی
لە خاکا مەیلی ڕەنگ و بۆیەتی
جوابی پرسیاری گۆڕیشم وایە
یاری مەحشەرم شەڕی لەیلایە
یاران وەسیەتم ئەمە بێ لاتان
هەرچەن کەوتوومە دوورە وڵاتان
This corpus is publicly available for non-commercial use under the CC BY-NC-SA 4.0 license. © Copyright 2020 Kurdish-BLARK
This interface was created by Sina Ahmadi based on Jekyll-DB (Jekyll + ListJS + Bootstrap).