Kurdish Folkloric Lyrics Corpus

A collection of oral narratives and songs of generations...


Title: زەمبیل فرۆش

Performer: خلە دەرزی

Category: Beyt

Dialect: Sorani

Audio:

Text:

            
        
        جارێک بنۆش، دوو جار بنۆش، سێ جار بنۆش
        
        بۆت بکەم باسی زەمبیل فرۆش
        
        زەمبیل فرۆشم سادە بوو، بە حەسڵی پاشازادە بوو
        
        بە سەر و سووڕەت ئەو جەماڵ پاک بوو
        
        بە قەد و قامەت ڕۆستەمی زاڵ بوو
        
        ئەوە دەڵێ ڕۆژێکی لە ڕۆژان دا بابی زەمبیل فرۆشم پاشا بوو
        
        لە سەر تەختی دانیشتبوو، وەزیرێکی هەبوو نێوی مام عەبدوڵڵا بووی
        
        دەیگووت مام عەبدوڵڵا هەر وەختی ئەگەر ئەمن مردم،
        
        کوڕم مەیەڵە قەت لە ئەسپی ببێ سوار
        
        نەچی لە بۆ ڕاو و شکار
        
        دەنا لە ڕاوێ ئەو دەبێ زەرەردار
        
        چەن موددەتێ لە وێ ڕابورد پاشا عەمری خودای دەکرد
        
        کوڕی دەچوو لە سەر تەختی دادەنیشت حوکمڕانی دەکرد
        
        ئانجا ڕۆژێکی لە ڕۆژان دا دەیگووت مام عەبدوڵڵا جاڕ بکێشە لە ئەهلی شار
        
        هەر کەس وەڵاخی هەیە لە وەڵاخان دەبم سوار
        
        ئەمن دەچم لە بۆ ڕاو و شکار
        
        ئەوجار لە وێ مام عەبدوڵڵا دەیگووت پاشا گیان
        
        وەختێ بابت مابوو وەسیەتی لە سەر دەستم دەکرد دەیگووت مەیەڵە قەت کوڕی من لە ئەسپی ببێ سوار
        
        نەچی لە بۆ ڕاو و شکار
        
        دەنا لە ڕاوێ ئەو دەبێ زەرەردار
        
        هەموو شەوێ لە خەوێ دا پێیان دەگووت دەیانگووت سبحەینێ برۆ بۆ ڕاو و شکار
        
        هەر کەسێ قسەی تێدا کرد کوتی مەچۆ بۆ ڕاوێ سەری ببڕە بیدە لە دار
        
        ئانجا سبحەینێ جاڕچی دەناردەوە سەر منارێ دەیگووت جاڕ بکێشن لە ئەهلی شار
        
        هەر کەس وەڵاخی هەیە لە وەڵاخان ببن سوار
        
        ئەمن دەڕۆم لە بۆ ڕاو و شکار
        
        ئەوجار سبحەینێ دەڕۆیشتن بۆ ڕاو و شکار
        
        هەتا نۆژێ نیوەڕۆیە ڕاویان دەکرد
        
        ئەوجار نۆژێ نیوەڕۆیێ دەشت و سەحرا دەبوو وەڵاخیان دەکردن چار
        
        ئەگەر دەیانڕوانی لەوبەری ڕاوچیان ئاسکێک دیارە شەرم ناکا لە ڕاوچیان
        
        پاشا دەیگووت ئێوە وەڵاخان بگرنەوە لە وەڵاخان ببن سوار
        
        دەورەی لە ئاسکێ بنگێون هەرکەسێ ئاسکی لێ ڕاببێ قوتار
        
        شەرت بێ سەری ببڕم دەیدەم لە دار
        
        جا ئەو جار سوار دەبوون دەورەیان لە ئاسکێ دەدا بە ئەمرێ خودای ئاسکە لە لای پاشای ڕا دەبوو قوتار
        
        پاشا بە دووی دا وێڵ و شەیدا دەبوو بە نێو جەنگەڵ و لێڕەوار
        
        چەن موددەتان لە ڕاوچیان وە دوور دەکەوتەوە
        
        لە نەکاوێکی بە نێو کۆمەڵێکی دا دەکەوت لە سەر قەبران بوون قەبرێکیان دەبیراست
        
        پاشا قەتی قەبر نەدیوە
        
        ئەگەر دەچوو بۆ سەر قەبران بە قەبری دا دەڕوانی قەبر دابڕابوو لە گۆشەی شار
        
        دەیگووت مچوڕکم دێن لە بەری پێیان
        
        ئای لە تەپڵی سەرم ئای دەکا ژان
        
        جا لێی دەپرسین دەیگووت ئەوە کێن چ کەسەن بۆ لێرەکانێ ئەو کەسپەی دەکەن
        
        دەیانگووت ئەمە لەو مەنتیقەی دا ئەوەندەی موسووڵمان لێین
        
        مردوویەک مردۆ ئەوڕۆ تەسلیم بە خاکێی دەکەین
        
        ئانجا پاشا دەگووت مەلا ئەو مردووەی بۆچ وا لێ دەکەن
        
        بە ڕووت و قووتی لە گڵێی ڕا دەکەن
        
        ڕەفیقێکی چاکی بۆ پەیدا ناکەن
        
        لێفە و دۆشەگی بۆ ڕاناخەن
        
        قەبری تاریکی بۆ گوشاد ناکەن
        
        ئەرێ ئەوە خودا جا لێو قەبووڵ دەکا
        
        ئەوجا مەلا دەگووت پاشا گیان دیارە وا پەشۆکاوی
        
        جند و دێوان دەس لێداوی
        
        مردوو زیندووی ڕەفیق نیە
        
        لێفە و دۆشەکی بۆ چییە
        
        قەبری تاریک و تەنگ گوشادی بۆ نیە
        
        هەر خودای گەورە ئەگەر بکات مەرحەمەتێ
        
        ئانجا دیسان تیکراری دەکردەوە پاشا دەیگووت مەلا گیان
        
        ئەو مردویەی وا لێ مەکە
        
        بە ڕووت و قووتی دە گڵێی ڕا مەکە
        
        ڕەفیقێکی چاکی بۆ پەیدا بکە
        
        بێنە قەبری تاریک و تەنگ بۆی گوشاد بکە
        
        خودای گەورە لێت قەبووڵ ناکا
        
        ئەوجار مەلا دەگووت پاشا گیان پەشۆکاوی
        
        جند و دێوان دەس لێداوی
        
        مردوو زیندووی ڕەفیق نیە
        
        لێفە و دۆشەکی بۆ چییە
        
        قەبری تاریک و تەنگ گوشادی بۆ نیە
        
        هەر خودای گەورەی دەگەڵ بکات مەرحەمەتێ
        
        ئەوجار پاشا دەیگووت توخوا مەلا ئەگەر بێتوو ئەمنیش بمرم هەر وام لێ دەکەن
        
        دەیگووت ئەرێ وەڵڵا ئەتوو پاشای مەگەم یەک گەز جاویت بۆ زیاد بکەن
        
        دەیگووت ئەوان برۆن بیهێنن تەسلیم بە خاکی بکەن
        
        ئەمن بانگی دێڵم جوابم داتەوە دێم بۆ سەر دینی وە دینێکی حەقە
        
        ئەوجار تەسلیم بە خاکیان دەکرد بانگی دەهێشت دەیگووت ئەتۆ مردووی بانگت دێڵم جوابم دەوە
        
        جا لە غەیبەوە دەنگیان جوابیان دەدایەوە
        
        ئەوجار لەوێ شادەی دێنا موسوڵمان دەبوو
        
        هەڵدەستا دەچۆوە لە بۆ نێو ڕاوچیان دەیگووت ڕاو بکەن بەتاڵ
        
        دەڕۆینەوە بەرەو ماڵ
        
        ئەگەر دەچۆوە لە بۆ ماڵێ چەند خەزنەی دەبوو سەرفی کردن لە ڕای خوا
        
        چەن فەقیر و فەقیراتی بە خەزنە و جەواهێراتی شاد دەکردن
        
        دوو ژنی دەبن بانگی دە ژنی گەورە دەیگووت وەرە هەر ماڵی ئەتۆ دەوێ ئەمن نامهەوێ
        
        بەڵام مەحز بۆ خودای ئازادم بکە
        
        ئەمجار ژنی دەیگووت ئەتوو بۆچی وا دەکەی
        
        دەیگووت ئەمن چیدی پاشایەتی ناکەم دەس دەکەم بە گەدایەتی
        
        ئەمجار تەڵاقی لێ قەبووڵ دەکردن و هەرچی دەیهەویست دەیدایە
        
        ژنێکی چووکی دەبێ ئەوێ ساڵێی هێناوە
        
        بانگی دە ژنێ کرد وەرە من تەڵاقت دەدەم
        
        ژنە دەستی دەکرد بە شین و گریان و قوڕپێوان و واوەیڵایە
        
        دەیگووت ئەمنی زەلیل و بێ کەس و بێچارە و بێنەوا بۆ وا لێ دەکەی
        
        ئەوجار دەیگووت پاشا پێم بڵێ سووچ و قەباحەتم چیە
        
        دەیگووت سووچ و قەباحەتت نیە
        
        ئامەن دەبم بە دەروێش ئەمن تۆبەی دەکەم
        
        دەس هەڵدەگرم لە پاشایەتی دەس دەکەم بە گەدایەتی
        
        ئەمجار ژنێ دەیگووت ئەگەر تۆ شوانی دەکەی ئەمنیش نانی دەچنیتەوە
        
        مەحز بۆ خودای سووکم مەکە و بەڕەڵدام مەکە
        
        جارێک بنۆش، دوو جار بنۆش، سێ جار بنۆش
        
        بۆت بکەم باسی زەمبیل فرۆش
        
        زەمبیل فرۆشم سادە بوو، بە حەسڵی پاشازادە بوو
        
        بە قەد و قامەت ڕۆستەمی زاڵ بوو
        
        بە سەر و سووڕەت یۆسف جەماڵ بوو
        
        ئەمجار ژنە دەستی دەکرد بە شین و گیریان و قوڕپێوانێ
        
        دەیگووت ئەتوو تۆبەی دەکەی ئەمیش تۆبەی دەکەم
        
        ئەتۆ شوانێ دەکەی ئەمیش نانی دەچنیتەوە
        
        مەحز بۆ خودای بەڕەڵدام مەکە
        
        ئەمجار چەن خەزنەی دەبن خەرجی کردن لە ڕای خوای
        
        چەن فەقیر و فەقیراتی بە خەزنە و جەواهێراتی شاد دەکردن
        
        لە پاشان هەڵدەستا ژنی دەگەڵ خۆی دەخست و ڕووی لە شاری دەکرد
        
        ئەمجار لە نێو شاری دا مزگەوتی ڕەچاو دەکرد
        
        ژنی لە نێو شاری دا بەڕەڵدا دەکرد
        
        دەچوو لە مزگەوتێ دادەنیشت چل شەوی عیبادەتی دەکرد
        
        لە پاشی چل شەوان ڕۆژێک لە ڕۆژان دا
        
        ژن دەهات لە دەرکی مزگەوتێ ڕادەوەستا دەیگووت وەی دەروێش
        
        ئەو نۆژ و تاعەتەی ئەتوو دەیکەی ڕەببی خودای گەورەت لێ قەبووڵ نەکا
        
        ئەمنی زەلیل و بێکەس و بێچارە و بێنەوا بۆ وا بەڕەڵدا دەکەی
        
        دەنگێ لە غەیبەوە دەهات دەیگووت خودا دەفەرموێ وەی جوبرەییل
        
        بڕۆ بە عەبدی من بڵێ زەلیل
        
        ئەو نۆژ و تاعەتەی دەیکردن وا لێم قەبووڵ دەکرد
        
        بێتە دەرێ کەسبێکی وا ڕەچاو بکا
        
        خۆی و ئەو زەعیفەی پێ بەڕێ ببا
        
        ئەوجار مزگەوتی بە جێ دەهێشت دەهاتە دەرێ دەچوو بۆ کن جۆلای دەیگووت ئەو کەسبەی دەیکەی
        
        زەرەر لە کێ دەکەوێ دەیگووت زەرەر لە ساحەبی دەکەوێ دەیگووت ئەو کەسبەی ناکەم حەرامە
        
        ئەمجار دەچوو لە بۆ کن نەججاڕی دەیگووت ئەو تۆلک و تەڵاشەی هەڵدەوەری زەرەر لە کێ دەکەوێ دەیگووت زەرەر لە ساحەبی داری دەکەوێ دەیگووت ئەو کەسبەش ناکەم حەرامە
        
        ئەوجار هەڵدەستا دەچوو لە بۆ کن سەبەدکەری دەیگووت ئەو شوغڵەی دەکەی شوولکان لە کوێ دێنی دەیگووت لەو چۆم و ئاوەی شوولکی بێ کیفایەت و بێ زەڕ دێنم
        
        ماڵ و عایلەی خۆی پێ بەڕێ دەبەم
        
        دەیگووت ئەگەر بچم شوولکان بێنم دە ڕای خودای دا پێم ناڵێی
        
        دەیگووت بەرێ وەڵلا بچی بێنی پێت دەڵێم
        
        جا چوو شوولکی دێنان دەستی دەکرد بە زەمبیلان
        
        پاشای ئەو شاری ئەمیر بوو ژن بوو کەس نەیدەزانی ئەگەر ژنە
        
        ڕۆژێکی لە ڕۆژان دا بە بەر دەرکی خانووبەرەی ئەمیری دا ڕادەبورد
        
        ئەمیری لە سەرێ سەر تاقەی ڕەچاوی دەکرد
        
        ئەوجار دەیگووت بڕۆن زەمبیل فرۆشم لە بۆ بێنن
        
        ئەگەر دەهاتن دەیانگووت ئەمیر تەڵەبت دەکا دەیگووت ئەمن کارم بە ئەمیری نیە
        
        جا پاڵەستۆیان دەدا بۆ سەرێ سێ نهۆمی
        
        ئەگەر دەچوو لەوێ لە ئەمیری دەکرد سڵاوە
        
        ئاوڕی لە دوای خۆ دەداوە
        
        چل دەرکەی لێ کلیل دراوە
        
        تینی لێ پەیدا دەبوو دەیگووت خودایە ئەتۆی ساحەبی ڕەحمەتێ
        
        دەرم بێنی لە عەزرەتێ
        
        جا ئەوجار ئەمیری پێی دەگووت وەی زەمبیل فرۆشی زەمبیلان دەکا
        
        وەرە من خامەی سوور دەبەر دەکەم
        
        هەر ئەتڵەس و خامەک و خارا دەبەر دەکەم
        
        بە خەزنە و جەواهێراتی خۆمت شاد دەکەم
        
        وەرە بۆ سەر دۆشەک و پاڵە
        
        تێک وەر بدەین خەت و خاڵە
        
        خەمان بدە لە شەربەتێ
        
        زۆر زۆر دوورە بۆ ڕۆژی قیامەتێ
        
        ئەمجارەکانە زەمبیلفرۆشی دەیگووت لە بەر خانمێ حەریری
        
        سینگی تۆم قاشی پەنیری
        
        بەژنت قابیلە بە کوڕی میری
        
        چت داوە لە من فەقیری
        
        ئەمن خەزنە و وزنێ خۆم چاترە
        
        خامەک و ئەتڵەسی تۆم هەمووی پشکۆی ئاگرە
        
        نایەمە سەر دۆشەک و پاڵە
        
        تێک وەر نادەم خەت و خاڵە
        
        قەنات نادەم لە شەربەتێ
        
        زۆر زۆر نیزیکە بۆ ڕۆژی قیامەتێ
        
        هاوار ساحەبی ڕەحمەتێ
        
        دەرم بێنی لە عەزرەتێ
        
        جا ئەوجارەکانە دەیگووت بە زەمبیل فرۆشی زەمبیلان دەکا
        
        وەرە من ئەو سێ کەڕەتانت پێ دەڵێم دەنا لە سەرت دەدەم زەمێ
        
        خەرگە و وزوو دەبەر دەکەم
        
        هەر ئەتڵەسی دەبەر دەکەم
        
        بە خەزنە و جەواهێراتیت شاد دەکەم
        
        وەرە سەر دۆشەک و پاڵە
        
        تێک وەر بدەم خەت و خاڵە
        
        دەمان بدە لە شەربەتێ
        
        زۆر زۆر دوورە بۆ ڕۆژی قیامەتێ
        
        ئای دەیگووت لە بەر خانمێ چەندە جوانە
        
        کەزیەی تۆم وەکوو ڕەشە ڕیحانە
        
        بۆ لە منی بێچارە دەگری بەهانە
        
        بەژنێ تۆم قابیلە بە کوڕی سوڵتانە
        
        ئەمجارەکانە دەیگووت ئەمن خەرگە و ووزووی خۆم چاترە
        
        ئەتڵەس و خامەکی تۆم هەمووی پشکۆی ئاگرە
        
        نایەم بۆ سەر دۆشەک و پاڵە
        
        تێک وەر نادەم خەت و خاڵە
        
        خەمان نادەم لە شەربەتێ
        
        زۆر زۆر نیزیکە لە ڕۆژی قیامەتێ
        
        هاوار ساحەبی ڕەحمەتێ
        
        دەرم بێنی لە عەزرەتێ
        
        جا ئەو جارە کە تینی لێ پەیدا دەبوو
        
        لە غەیبەوە دەنگێک دەهات
        
        دەیانگووت دوو قسەی خۆش دەگەڵ خانمێ بکە
        
        ڕێگایەکی ڕەچاو بکە
        
        پێی دا هەڵبێ قەیدی ناکا
        
        ئەوجار پەنجەرەیکی چل گەزی بڵیندایی بوو دەیکرد ڕەچاوە
        
        دەیگووت خانم هەتا ئەلعانم وە زانیوە سۆحبەتم پێ دەکەی
        
        ئەگەر بزانم سۆحبەتیم پێ ناکەی
        
        ئەمن خەرگە و بووزووی دەبەر دەکەم
        
        هەر ئەتڵەسی توو دەبەر دەکەم
        
        بە خەزنە و جەواهێراتی تۆ شاد دەبم
        
        دێمە سەر دۆشەگ و پاڵە
        
        تێک وەر دەدەم خەت و خاڵە
        
        خەمان دەدەم لە شەربەتێ
        
        قسەی تۆیە زۆر زۆر دوورە بۆ ڕۆژی قیامەتێ
        
        ئەمجار خانم پێی دەگووت
        
        وەی سەد جارت بە خەندەی لێوان بم خەنێ
        
        هاتێ سەر ڕێگەی مەسڵەحەتێ
        
        قەمان دەدەی لە شەربەتێ
        
        دوورە بۆ ڕۆژی قیامەتێ
        
        دەیگووت لە بەر خانمێ گوڵباوە
        
        ئەمن حاجەتم بە ئاوە
        
        خانمێ دەنگی دەدا لەو کارەکەرە ڕەشپۆشینە
        
        دەیگووت ئەفتاوێکی ئاوی لە بۆ لاوی بینە
        
        وا بزانم لاو زۆر زۆر ساحەب دینە
        
        جا ئەو جار دەچوون ئاویان بۆ دێنا دەیانگووت دەبێ بچی لە سەر ئەوی لەوێ پەنجەرەی دەس بە ئاو بگەیەنی ئەویش چل گەزی بڵیندایی بوو
        
        دەڵێ چوو لەوێ ئافتاوەی بە جێ هێشت و کوتی خودایە خۆم تەحویلی تۆ دا
        
        دەڵێ بە ئەسپایی لە حەرزێیان دانا بە ئەمری خۆدای هیچ ئێشی پێ نەگەیشت
        
        تەماشای کرد تازە خانمێ لە دەستی دەرچوبوو
        
        جا ئەوجار بۆخۆی نەیوێرا بێتەوە نێو شاری ژنەکەی دەنارد
        
        چەن موددەتان ئاخیری ڕۆژێکی ژنەکەی بەو مەحەللەی دا چوو
        
        دەڵێ ئەمیری ڕەچاوی کرد
        
        کوتی هەڕۆن بۆم بێنن
        
        ئەگە هاتن بردیان
        
        کوتی ئەوە چکارەن لەو شارەی دا
        
        کوتی بەڵێ ئەمە پیاوێکی فەقیرن هەیە
        
        کوتی شوغڵوو چێ
        
        کوتی شووغڵن ئەوەیە سەبەتان درووس دەکەین و دەیانفرۆشین
        
        ماڵ و عایلەی خۆیان پێ بەڕێ دەبەین
        
        جا کوتی ئەوجارەکە دەبێ هەموو ڕۆژان بێی بۆ ئێرەکانە
        
        کوتی ئاخر بە بێ قسەی ساحێبیم ناتوانم بێم بۆ ئێرە
        
        ئەوڕۆش بە بێ ئیجازە هاتووم
        
        ئاخیری تینی بۆ هێنا
        
        کوتی ئەگەر بزانم نایەوە
        
        ئەمن ئێستا جاللادان دێنم لە سەرت دەن
        
        ئەویش تینی لێ پەیدا بوو وەیزانی ڕاس دەکا
        
        کوتی بەڵێ شەرت بێ بە شەرتی پیاوان ئەگەر ئیزنم دەی ئەمن دێمەوە
        
        وەختێکی ئەگە ڕۆیشتیشەوە دەورێکی زێر بۆ تێکردن
        
        ئەگە چۆوە شەوێ
        
        زەمبیل فرۆشی فەرمووی ئەوە لە کوێت هێناون
        
        کوتی وەڵاهی قوربان جا چووزانم لە کوێم هێناون
        
        کوتی ئەوجارەکە چوویە ئەو جێگایەی جارێکی دی بچێوە چاوانت هەڵدەکەنم
        
        بۆخۆی ئیدی ئەوان نەبوون ئەمە لەبەریان هەڵاتووین
        
        چۆن ئەتوو جارێکی دی نەچێوە ئەو جێگایەی
        
        بۆخۆی زانی ئەگەر چۆتە کوێ
        
        وادەڵێن دەڵێن فووی لێ کردوون بوون بە ژەنگەسوورە بە حەوای دا ڕۆیشتوون
        
        جا دەڵێن چەن مووددەتانی خۆ خاواند نەچۆوە
        
        لە پاشان کوتی وەڵاهی ئەمن شەرتم کردۆ دەبێ هەر بچمەوە
        
        جا ئەوێ شەوێ بۆ شەوێ دەبوو بە جوعمە
        
        کوتی ئەوە بۆ وا درەنگ هاتوویەوە
        
        کوتی وەڵاهی کارەکەم ئاوا بوو بۆم هەڵنەسووڕاوە
        
        کوتی ئەو دینەی ئەتۆی دەپەرەستی بەو دینەت سوێند دەدەم
        
        قسەیەکیت لێ دەپرسم پەرژین بێ لە ڕووی ئێوە
        
        کوتی چیە
        
        کوتی چ شەوێکی ئەو پیاوە کاری وا دەگەڵت دەکا
        
        کوتی بەڵێ پیاوی مە جوعمە و جوعمە نەبێ کاری وا ناکا
        
        جا دەڵێ کوتی دەبێ خۆی دەگەڵ بگۆڕی ئەوێ شەوێش جوعمە دەبوو
        
        دەڵێ هەرچەندی داد و فیغانی کرد فایدەی نەبوو
        
        ئاخیری هێنای لیباسێ خۆی دەبەر وێ کرد و ئی وێی دەبەر خۆ کرد
        
        کوتی دەبێ بێیەوە ماڵێ خۆشتم پێ موعەڕڕەفی بکەی
        
        جا دەڵێ چوو ماڵی پێ موعەڕڕەفی کرد
        
        کوتی ئەگەر شەوێ زەمبیل فرۆش هەتا سەعات پێنج و شەسی شەوێ لە مزگەوتێ دەبێ نایەتەوە
        
        وەختێکی ئەگەر هاتەوە پاروویەک نانە ڕەق دەخوا و دێ دە بن جێیەوە
        
        خانمێش هەموو شتی دانابوون فەقەت پاوانەی لە لاقان دابوون پاوانەکەی لە بیر چوبوون داینەنابوون
        
        وەختێکی ئەگەر دەڵێ زەمبیل فرۆش شەوێ چۆوە
        
        چۆ دە جێیەوە دەگەڵ دەستی برد
        
        دەستی وە پاوانان کەوت
        
        ئیدی زەمبیل فرۆش وادەڵێن دەڵێن دەرپەڕی و ئەویشی کەوتۆتە سەرێ
        
        زۆر هەڵاتۆ ئاخری لە بەری دەرنەچووە
        
        دەڵێ فەرموویەتی حەرز وەقەڵشێ
        
        حەرز قەڵشیوەتەوە خۆی ڕۆیشتۆتە حەرزێ
        
        داهاتۆتێ ئەو جمگە دەستەی گرتۆ
        
        کوتویەتی مەڕۆ ئەتوو لە سەر چ دینێکی ئەمنیش هاتمە سەر ئەو دینەی
        
        دەڵێ شادەی هێناوە
        
        لە غەیبەوە دەنگێک بە بن گوێێ گەیشتووە کوتوویانە دەبێ مارەی کا تازە بۆ بە ماڵی
        
        جا ئەوجار ئەویشی بۆ بە ماڵی
        
        لە شاری سەقزی بۆ
        
        دەڵێن هاتۆتە ئیسکی بەغدایە
        
        ئەگە هاتۆتە وێ پاشایەکی لێ بۆ دەڵێن موسوڵمان نەبۆ
        
        خەبەریان داوەتێ کوتوویانە پیاوێک هاتۆ دوو ژنی پێن پیاوێکی زۆر بێ نموودە
        
        جا دەڵێ کوتی هەڕۆن بیکووژن بۆخاتری ژنەکان مارە کەم ئەگە هێندەی لێ جوان بن
        
        وەزیر و وزەرایان گووتیان پاشا لە پاشی چەن ساڵی دیکە لێت دەگێڕنەوە کارێکی بێ قاعیدە مەکە
        
        تەگبیر ئەوەیە ئەوە لەو بیشووەی دا لەبەر ئیسکی بەغدایە بیشوویەکی لێیە شێرێک و ئەژدیهایەکی لێن
        
        نە باڵدار دەوێری پێیدا بڕوا نە ناڵدار دەوێری پێیدا بڕوا
        
        وەڵاخێکی وەدەن و بیبەنە وێ لەوێ فەوری گەیشتە وێ شێری تێک دەشکێنی و ئەژدیهاشی هەڵدەلووشی
        
        ئەودەمی بێوەژن دەبن کە مارەشیان کەی ئیحتیاتی تێدا نیە
        
        جا دەڵێ کابرایەکیان بە دوو دا نارد هات بە دەرکێ ماڵە پاشای ڕاوەستا
        
        کوتی چ ئەمرێکت هەیە
        
        کوتی دەبێ بچی بۆ داران
        
        دەڵێ وەڵاخیان وێدا و بیوریان وێدا
        
        چوو لەوێ دەستی بە دار کۆکردنەوەی کرد و
        
        شێر هات وەڵاخی پێ بوو تێکی شکاند و
        
        ئەوجار دەڵێ لێی وە جواب هاتن
        
        گوتیان ئەتوو چ کەسی
        
        گوتی بەڵێ ئەگەر قەبووڵ کەن ئەمن زەمبیل فرۆشم پێ دەڵێن
        
        ئەوجار دەڵێ خودای تەعالا ئەمە لێرە ئەوڕۆکانە تەعینی کردووین ئەو باغە باغی تۆیە
        
        بێنە بەقەد خانوویەکی دار و لێڕەواری کۆوە کە شێری گووت وەسەر ئەمنی هاوێژە
        
        ئەژدیهاش گووت ئەمن لە بیاتی قیاسەی کلکی خۆم لە زاری دەگرم و دەبێ لێنخوڕی بۆ ماڵە پاشای
        
        جا بەو جوورە وەکی من عەرزم کردن دەڵێن خانوویەکی دار و لێڕەوار تێک شکاندۆ وە سەر شێری گێڕاوە و ئەژدیهاشی لە بیاتی قیاسەی پێدا هاتووە
        
        دەڵێ لێی خوڕیون بۆ دەرکی ماڵە پاشای
        
        لە لووشە لووشی ئەژدیهای و لە نەڕە نەڕی شێری دەڵێ چەن ژنی دە حامیلە بەریان هاویشتۆ
        
        لە دوورەوە پاشا بە ئیستیقباڵیەوە هاتۆ ئەلحەمدولیللا موسوڵمان بۆ
        
            
        

This corpus is publicly available for non-commercial use under the CC BY-NC-SA 4.0 license. © Copyright 2020 Kurdish-BLARK

This interface was created by Sina Ahmadi based on Jekyll-DB (Jekyll + ListJS + Bootstrap).