Kurdish Folkloric Lyrics Corpus

A collection of oral narratives and songs of generations...


Title: بەیتی سەید برایمی

Performer: unassigned

Category: Beyt

Dialect: Sorani

Audio:

Text:

            
        
        خالەق هەر ئەتۆی لە سەر
        
        خودایە هەر ئەتۆی لە سەر
        
        ئەگەر رۆت دەنا ئیبوحەجەر
        
        هەم بۆ هەتیوان پدەر
        
        بۆ دێمەکاران ئاودەر
        
        بۆ دێمەکاری ئاودەر
        
        ساحێبی رزق و رۆزیدەر
        
        بۆ دێمەکاری بێ ئاوە
        
        هەر کەس عەمری ببێتن تەواوە
        
        هیچ هەڵنابرێ هەنگاوە
        
        سبحەینەی عالی سەحەر
        
        لە خەو هەستا گیانی شیرینی پێغەمبەر
        
        فەرمووی: بۆم بانگ کەن شێری هەیدەر
        
        بۆیان بانگ کرد شێری هەیدەر
        
        فەرمووی: لەبێک یا رەسوولەڵڵا
        
        دەفەرمووی بچم بۆ راو و شکار
        
        یان دەفەرمووی بچم بۆ خەزای کوففار؟
        
        فەرمووی: نامەوێ راو و شکار
        
        نامەوێ خەزای کوففار
        
        ئەوشۆ نووستبووم لە ماڵ
        
        خەونێکم دەدی تەعەجوب کار
        
        دە خەوێدا ددانێکم کەوتبوو لە زار
        
        هەمە تاقانێکی نازدار
        
        ناوی ویم سەید ئیبراهیمی نازدار
        
        دەترسێم لێم بستێنێ خالەقی جەببار
        
        ئەسحابان فەرموویان:
        
        ئیشەڵڵا وا نابێتن
        
        کوڕە ئەسحابێک بەجێی ویم شاد بێتن
        
        وێسپ سەددەقی لێدابێتن
        
        پێغەمبەر فەرمووی، وا نابێ
        
        هەرکەس لە خەوێ ددانی کەوتبێتن
        
        بێشک تاقانەی شیرنی دەمرێتن
        
        پشتی بابی دەشکێتن
        
        جەرکی دایکی دەبڕێتن
        
        چەند رۆژان رابرد ئەو خەبەر
        
        گەییە قەراغ مەدینەی مونەووەر
        
        دیتی میوانێکی خۆش خەبەر
        
        فەرمووی: میوانی عازیز کووندەری؟
        
        وەها دانیشتبوو بەرامبەری
        
        لێی دەپرسی وەکوو موشتەری
        
        دەیکوت: هەم میوانم هەم دەلیل
        
        مەعمووری خودام ئیزرائیل
        
        ئەمنم قاسیدی رەببی جەلیل
        
        خودا ناردمیە خزمەت تۆ
        
        بکێشم رۆحی سەید ئیبراهیمی کوڕی تۆ
        
        نابێ پێغەمبەر ببێتن لە پاش تۆ
        
        ئەمنی ناردووە خالەقی جەببار
        
        بکێشم رووحی سەید ئیبراهیمی نازدار
        
        نابێ لە پاش تۆ ببن هیچ پێغەمبەر
        
        بە دەستووری خالەقی ئەکبەر
        
        لە بەر پێغەمبەری نوورانی
        
        لە دڵی نەبوو هیچ بەرگرانی
        
        ناڵی سەوزی دە پێ کرد
        
        باڵتۆی نووری خستە سەرشانی
        
        بە بەر دەرکی حوجرەی سەید ئیبراهیمیدا دەهانی
        
        جارێکی فەرمووی حەی لە سەر
        
        دوو جاری فەرموو حەی لە سەر
        
        سەر لە پەنجەرەی بێنە دەر
        
        میوانێکمان هاتووە خۆش تەتەر
        
        سەڵا لە بەندەی بێ خەبەر
        
        بابە بە جەددی تۆ
        
        ناوێرم بێمە خزمەت میوانی تۆ
        
        دوێنێشەو لە ماڵی نووستبووم
        
        ئیزرائیلم دە خەوێدا بوو
        
        چۆکی لە سەر سینگم دادابوو
        
        رووح لە قالبم جودا بوو
        
        حەزرەتی فاتمەی خووشکم لە بۆم گریابوو
        
        حەسەن و حوسێن واوەیلا بوو
        
        لە بەحەشتێ دارولبەقا بوو
        
        پێغەمبەر فەرمووی:
        
        وە پێش کەوە رۆڵەی شیرنم
        
        با تێر لە باڵات ببینم
        
        کاری خودایە مەرگت دەبینم
        
        لە بەر پێغەمبەری نوورانی
        
        لە بەری نەبوو گرانی
        
        هەردووکیان هاتن شان بە شانی
        
        هاتن بۆ خزمەت میوانی
        
        کوڕ چاوی دەکەوت بە جەماڵی میوانی
        
        لاڵ بم هێزی دەبڕا لە گیانی
        
        کوڕ چاوی بە جەماڵی میوانی کەوت
        
        رانی شل دەبوو
        
        بازووبەندی لە قۆڵی دەکەوت
        
        رۆحی بە دەورە جەولان دەکەوت
        
        کۆڕە دەهاتە خزمەت میوانی
        
        ئەوسڵاوی دەکرد لە میوانی
        
        میوان وەعەلێکی دەداوە
        
        دەیگوت: بە خێرێی سەید ئبراهیمی گوڵباوە
        
        موژدە بێ لە تۆ سەعاتێک عەمر لە سەر دنیایە نەماوە!
        
        سەری ئیبراهیم فەرمووی:
        
        ئەی بابەی دڵ پڕ لە نیازە
        
        دڵ پڕ لە نیازەی ئەی پدەر
        
        بێ مامۆستا نابم رزگار
        
        مامۆستای وان ئیمامی عوسمان بوو
        
        سەدار عێلی ئەسحابان بوو
        
        ساحێبی کتێب و قورعان بوو
        
        فەرمووی: ئەسپاردمی عەولادی رەسووڵ
        
        کاری خودایە، دوعای هیچ کەس نابێ قەبووڵ
        
        لە بەر پێغەمبەری نوورانی
        
        رانی راستەی بۆ دەهانی
        
        کوڕ سەری دەکردە سەر رانی
        
        میوان دەستی درێژ دەکردە جەننەتێ
        
        دەسکە گوڵێکی دەهانی
        
        ئەگەر ئەوی دەدا بە نیشانی
        
        کوڕ رۆحی دەردەچوو لە گیانی
        
        تەدارەک بێ مبارەک
        
        کۆچی کرد سەید ئبراهیمی مبارەک
        
        جاڕچییان ناردە سەر منار
        
        ئەو جاڕێ بدا لە شار:
        
        هەر لە پیر هەتا منداڵ
        
        ئەو قسەی نەکا بە زار
        
        لە بەر دڵی فاتمەی نازدار
        
        سوارێکیان نارد لەولاوە
        
        سەر زینی ئاوریشمی خاوە
        
        ئەو خەبەرەی بۆ ئیمامی شێرعەلی دەهێناوە
        
        لاڵ بم ئەگەر سەید ئیبراهیم نەماوە
        
        ئیمامی عەلی فەرمووی:
        
        ئەی سوارەی چوست و چالاکە
        
        ئەو قسەی لە کن ئەمنت کوت
        
        لە کن حەزرەتی فاتمەی مەکە
        
        ئەو ماڵم لێ خرا دەکا
        
        حەزرەتی حەسەن و حوسێنم لێ هەتیو دەکا
        
        دوڵدوڵ و زولفەقارم لێ بێ ساحێب دەکا
        
        ئەمیش لە خەزای کافرا دەکا
        
        بە قودرەتی باری تەعالای بوو
        
        حەزرەتی فاتمە لە بەر هەیوانێ بوو
        
        قورعانی لە سەر رانی بوو
        
        ئەو گوێی لە گوفتوگۆی میوانی بوو
        
        حەزرەتی فاتمە قورعانی هەڵگرت و داینا
        
        ئەو دەهات بۆ کن میوانی
        
        دەیگوت: ئەی سواری چوست و چالاکە
        
        ئەی ئەسحابەی دڵڕووناکە
        
        بە قسەی ئیمامی عەلیم دەگەڵ مەکە
        
        ئەگەر دوێنێ هاتی لە ماڵێ
        
        چۆن بوو سەید ئیبراهیمی کاکە؟
        
        سوار فەرمووی:
        
        ئەی حەزرەتی فاتمەی چاوهەڵۆ
        
        ئەمن دوێنێ هاتم نیوەڕۆ
        
        لە هەموو ماڵان دەهات گریان و رۆڕۆ
        
        بۆ سەید ئیبراهیمی برای تۆ
        
        حەزرەتی فاتمە فەرمووی: ئەی قەمبەر
        
        دوڵدوڵم بۆ بێنە دەر
        
        توند بیکێشە تەنگە و بەر
        
        خەونەکەی دوێنێشەوێم دەهاتە سەر
        
        ئەو قەمبەری گوڵباوە
        
        دوڵدوڵی دەردەکێشاوە
        
        لێی دەکرد زین و لغاوە
        
        حەزرەتی فاتمە پێی لە رکێفی نا و کەوتە سەر
        
        حەسەن و حوسێنی دەدانە بەر
        
        حەسەن و حوسێنم بەسینن
        
        هەردووکیان عەولادی شیر عەلین
        
        ئەوان بۆ خاڵی خۆیان دەگرین
        
        ئیمامی حەسەن دەیفەرموو خاڵە رۆ
        
        ئیمامی حوسێن دەیفەرموو خاڵە رۆ
        
        حەزرەتی فاتمە دەیفەرموو کاکە رۆ
        
        ئیمامی عەلی دەیفەرموو تاقانەی پێغەمبەریم رۆ
        
        لەو حەزرەتی فاتمەی چەڵەبییە
        
        ئەو دەگەیشتە قەراغ شارییە
        
        تووش بوو منداڵێکی ئەسحابییە
        
        فەرمووی: ئەی منداڵێکی حەوت ساڵییە
        
        رووی دایک و بابت ببێ سپییە
        
        ئەوە کێیە لە ماڵە مە مردییە؟
        
        منداڵی ئەسحابی فەرمووی:
        
        ئەی حەزرەتی فاتمەی چەڵەبییە
        
        مەڵێ منداڵە و ئاقڵی نییە
        
        ئەو هەتوێکە لە ماڵە نگۆ مردییە
        
        بابت دەیشوا لە رێی رەبییە
        
        حەزرەتی فاتمە فەرمووی:
        
        چ قەوماوە لە من؟!
        
        کەوتوومە بەحرێکی بێ بن
        
        حەزرەتی ئیبراهیمی کاکم مردووە و ناڵێن بە من
        
        هاتە قەراغی ئەنگۆرێ
        
        دیتی مردووێک لە سەر تاتەشۆڕێ
        
        لە بەر مردووی بەسیفەت
        
        نوور لە سەرووی بۆت بە قەڵات
        
        فەرمووی: ئەوە کێیە مردییە؟
        
        پێغەمبەر فەرمووی: مەیە پێشێ بێ شەرعییە
        
        بچۆ ماڵ لەقمەیەک نان بخۆ بە زار
        
        کوێر بکە نەفسی گوناحکار
        
        با ئۆمەتی مە نەبن شەرمەزار
        
        فەرمووی: بابە بەو خودایەیکەم بە حەواوە
        
        لێم حەرامە نان و ئاوە
        
        هەتا سەید ئیبراهیی کاکم نەبینم بەو چاوە
        
        لاڵ بم راستە سەید ئیبراهیمی کاکم نەماوە
        
        بچۆ شینێ بکە، شینی خووشکان بۆ برایان حەڵاڵە
        
        حەزرەتی فاتمە شینی دەکرد
        
        ئیمامی حومبەر ئاوری دەکاتن
        
        ئیمامی عوسمان ئاوێ دەڕژێتن
        
        پێغەمبەر بە دەستی مبارەکی دەیشواتن
        
        بیلالی حەبەشی سڵاواتی دەکوتن
        
        سێ بەیداغ هەڵدەکرا
        
        ئێک لە مەغریب، ئێک لە مەشریق
        
        ئەوی دی لە سەر کابەتوڵڵای شەریف
        
        جەنازەی سەید ئیبراهیمیان هەڵدەگرت
        
        لاڵ بم ئەویان تەسلیم بە خاکێ دەکرد
        
        بڕوانە گۆنەی پێغەمبەر
        
        فرمێسکان دەکا وەک رەعدی بەهار
        
        لە سەر روومەتیان گرتبوو قەرار
        
        خودا ناردی حەزرەتی جوبرائیلی نازدار
        
        بڵێ بە سەیدی موختار:
        
        ئەگەر فرمێسکان بکا دەرکا
        
        قبووڵی ناکەم بە یار
        
        جا خودایە چۆن دەبێ وا بێتن؟
        
        پیاو تاقە عەولادێکی ببێتن
        
        لە سەر رانی رۆحی دەربچێتن
        
        جا خودایە ئەو دڵە چۆن دەبێ راوەستابێتن؟
        
        عەولادی دەوێ بیدەمێ
        
        ئۆمەتی دەوێ بیدەمێ
        
        پێغەمبەر فەرمووی،
        
        وای دەفەرموو پێغەمبەر:
        
        ئەمن ئەو شینەم بۆ سەید ئیبڕاهیمی کوڕم نەبوو
        
        ئەمن جارێکی منداڵ بووم، حەوت ساڵ کار
        
        بە کووچەی کافراندا هاتمە خوار
        
        دەمدی کافرێکی جادووکار
        
        ئەو هەناری دەخوارد بە زار
        
        دەنکێکی لە دەسی کەوتە خوار
        
        ئەمن هەڵمدەگرت و دەمنا دە زار
        
        دەترسم بەوەی ببم گوناحبار
        
        جا خودا دەیفەرموو:
        
        بەخشیمی ئەی سەیدی موختار
        
        هەزار جار سڵاوات بێ لە گیانی پێغەمبەر
        
            
        

This corpus is publicly available for non-commercial use under the CC BY-NC-SA 4.0 license. © Copyright 2020 Kurdish-BLARK

This interface was created by Sina Ahmadi based on Jekyll-DB (Jekyll + ListJS + Bootstrap).