Kurdish Folkloric Lyrics Corpus

A collection of oral narratives and songs of generations...


Title: جەواد گڵێنانی

Performer: ئەمان لێ ئەمان لێ

Category: Bend

Dialect: Sorani

Audio:

Text:

            
        
        ئەمان ئەمان دە وەرە دەی
        
        ئەی نەشمیلەی چاو جوان ئەگەر دێی
        
        بۆ شاخە ڕەشی بۆکان کەرەم کە
        
        نیزیک بەوە لە گڵێنان
        
        ئەو یارە ڕێک و پێکە
        
        باڵای دەڵەی عەلەمە
        
        ئەگەر بێتوو بۆ من بی
        
        ئەمن بە حەوسەلەمە
        
        بێ تۆ ناخۆش دەگوزەرێ
        
        هەتا لە دونیا هەمە
        
        چیە ئەو ڕووگرتنە
        
        سەدەی بیست و یەکەمە
        
        بۆ خالید چەمچەماڵی
        
        بۆی دەخوێنم کەم کەمە
        
        چوونگین لە دوور وڵاتە
        
        دەروونم بۆی پر خەمە
        
        لە ناو پەڕانتێزی دڵت
        
        بمکە پەڕانتێز بەستە
        
        بڕۆ بۆ لای بێ ئیزافە
        
        لە مینها بوومە خەستە
        
        بە ئیکسم حیساب دەکەی
        
        کوا ئەوە بیر و هەستە
        
        جەرگت کردوومە تەقسیم
        
        گیانی منت بە دەستە
        
        بۆ خالید چەمچەماڵی
        
        بۆی دەڵێم بە دانستە
        
        ئێستا لە بریتانیایە
        
        چۆن خاوەنی زانستە
        
        هەموو ڕۆژێ بەیانان
        
        گەر هەڵدەستم لە خەوێ
        
        بە دیتن و نیگاهت
        
        فەوری غەمم دەڕەوێ
        
        بۆ خالید چەمچەماڵی
        
        لە ژیانی دا سەرکەوێ
        
        لە مهاباتێ بۆی دەڵێم
        
        هەتاوەکوو دەچتە وێ
        
        ئاواتم ئەو کاتەیە
        
        لە ژیانی دا سەرکەوێ
        
        داوا دەکەم لە یەزدان
        
        ڕەبی بەختی نەخەوێ
        
        لە مێژە چاوەڕێتم
        
        توخوا پێم مەڵێ شێتم
        
        دایمە خاکی بەر پێتم
        
        بڵێم بە قوربانی کێتم
        
        سەردەشتی کۆچی کردوە
        
        ئەوساڵ زۆر ناڕەحەتم
        
        بۆ خالید چەمچەماڵی
        
        دایم حازر خزمەتم
        
        ئەو لە قەلبی ئوروپایە و
        
        منیش لە قەلبی مهاباتم
        
        بە براگەورەم داناوی
        
        خدمەتکاری جەنابتم
        
        دەچمە بریتانیایە
        
        چوون شازی وای تێدایە
        
        جوانتر لە حۆری بەحەشت
        
        بۆیان ناچێ بە زایە
        
        پیاو بە دیتنیان سەرمەستە
        
        لێیە ئەو زین وێدکایە
        
        بەندی مامە خالیدیە
        
        بۆ ویش دەڵێم بێ پایە
        
        بە قوربانی تۆی دەکەم
        
        جا سەروەت و سەرمایە
        
        نێو بانگی جوانیم بیستووی
        
        لە ئەخباری لەندەنێ
        
        بە مەلاکەت نووسراوی
        
        بۆ وڵاتی یەمەنێ
        
        هەرکیان کیژی ماڵێکن
        
        لە چیمەن و دیمەنێ
        
        دیمەن زۆر بە ئەدایە
        
        چیمەن جوان پێدەکەنێ
        
        کاک خالید سەرکەوتوو بێ
        
        هەتا خاکی لەندەنێ
        
        پڕ بە دڵ دەنگ هەڵدێنم
        
        هەر وەک کەوی بەندەنێ
        
        ئەگریجەی لوول و خاوت
        
        بخە تۆقی گەردنم
        
        مەحاڵە ڕەهاییم بێ
        
        هەتا کاتی مردنم
        
        داوێک لە زوڵفی خاوت
        
        بۆم بخە نێو کفنم
        
        لە دونیا خوێنیان خواردوم
        
        لە گۆڕیش دا بەدەنم
        
        لە خدمەت کا خالید دام
        
        لە ژیان و لە تەمەنم
        
        ڕۆژێک دادێ منیش دەڕۆم
        
        وەک تۆ دوور لە وەتەنم
        
        نەسرین گوڵی ژاڵەیە
        
        لە باغچەی باغەوانی
        
        حەیفە وەکوو باغەوان
        
        کە قەدری گوڵ نەزانی
        
        لێرە تا ئورووپایە
        
        دەیڵێ جەواد گڵێنانی
        
        سەردەشتیم لە دەس چووە
        
        تووشم بووە ڕەوانی
        
        پێشکێش بە کاک خالیدی
        
        شێعر و بەستە و گۆرانی
        
        هەستی دەروون دەردەبڕم
        
        بۆی ناڵێم بە پینهانی
        
        باس باسی جوانی تۆیە
        
        بە هەڵبەست و قەتارە
        
        باڵات دەڵێی عەلەمە
        
        بڵیندە دەڵێی چنارە
        
        ئەو چاوانەت نەدیوە
        
        هەر دەڵێی چاوی مارە
        
        ئەو برۆیانەی هێن تیژە
        
        خەنجەری ژەهردارە
        
        دەمێنێ بە یادگاری
        
        بە قورئان ئەو نەوارە
        
        سەردەشتیم لە دەس چووە
        
        هەمە خەم و پەژارە
        
        جێ ناهێڵم کوردوستان
        
        داومە قەول و بەڵێنی
        
        کەی دادێ بە ئازادی
        
        جەواد بە دڵ بخوێنی
        
        یادێک لە کاک خالیدە
        
        داومە قەول و بەڵێنی
        
        جەوادت لە خدمەت دا
        
        بە خۆی و بە ماشێنی
        
        سڵاو لە دۆستەکانت
        
        پڕ بە دڵ بۆی بخوێنی
        
        لە بەر دەمارت دەمرم
        
        لە هیچ جێ دانامێنی
        
        چوون سەردەشتی نەماوە
        
        من ئەوساڵ وەعزم گۆڕا
        
        من گۆرانیم دەس پێ کرد
        
        هەموو لە ئیشقی تۆ ڕا
        
        کا خالید چەمچەماڵی
        
        پێم نەڵێی دەنگی گۆڕا
        
        پڕ بە دڵ دەنگ هەڵدێنم
        
        حەیف دوورم لە تۆ ڕا
        
        دیاری شوان ئاڵەکۆکە
        
        نەگوتراوە لە خۆڕا
        
        دەبێ هەر بەرەندە بم
        
        پێم نەڵێی جەواد دۆڕا
        
        قوربانی ئەو خاکە بم
        
        تۆی لە سەر پەروەردە بووی
        
        بووی بە فڕۆکەی خوێن و
        
        بە ناو دڵما هات و چووی
        
        کاک خالید گوێت لە من بێ
        
        دەزانم چەن لێهاتووی
        
        بە خۆ و ئازیزەکانت
        
        تۆ ئاواتی داهاتووی
        
        داک و باب و براکانت
        
        زۆریان سەختی بۆ دیتووی
        
        فەقەت ئەوەم لە دەس دێ
        
        ئەو نەوارەم بۆ گوتووی
        
        گوڵ کردیان بە مەحکەمە
        
        یارم چۆتە نێو گوڵان
        
        ئاواتم ئەو ڕۆژە بوو
        
        بێی بۆ ماڵ و مەنزڵان
        
        پڕ بە دڵ خۆشم دەوێی
        
        هەک ماڵە بابم گوڵان
        
        وەک بولبولی بەهاری
        
        دەفڕم لەو چڵ بۆو چڵان
        
        کا خالید چەمچەماڵی
        
        بۆی دەڵێم وەک ئاقڵان
        
        هەچ ئەمرێکی بە منت بێ
        
        بۆت تێدام هەتا ملان
        
        ئەوکات وادەی مەرگمە
        
        ئەوەندەی دوورم لە تۆ
        
        یانە وازم لێ بێنە
        
        یانە خوێناوم مەخۆ
        
        جوانی وەک تۆی لێ نیە
        
        هەولێر و سولێمانی و کۆ
        
        مەحاڵە گەر پەیدا بێ
        
        لە بۆچێن و لە قوڕەگۆ
        
        کاک خالید سەرکەوتوو بێ
        
        جەواد برایە بۆ تۆ
        
        خاریج جێگای شێرانە
        
        کاکە هیچ غەمێ مەخۆ
        
        بۆ هەموو کەس بەهارە
        
        بۆ من وەرزی پاییزە
        
        عالەم خاوەنی دۆستە
        
        هەر یارم لە من زیزە
        
        لێڕە‌ڕا گوێو لە من بێ
        
        ئەوەی دۆست و ئازیزە
        
        خاریج جێگەی شێرانە
        
        چ تێیدا نوکتەریزە
        
        کاک خالید چەمچەماڵی
        
        لە لای مە زۆر عەزیزە
        
        لەندەن بەهەشتی خوایە
        
        تێیدا جوانی پاکیزە
        
        ئەوساڵ دەچمە کوێستانێ
        
        بەکەوێ بەفاتێرم
        
        چوارساڵە خۆشم دەوێی
        
        لە بەر بابت ناوێرم
        
        قەولی بە ڕاستیم پێ بدە
        
        کەیخودایان دەنێرم
        
        دەنا گەر خاترجەم بم
        
        هەڵت دەگرم دەوێرم
        
        مامە خالید گوێت لێ بێ
        
        پڕ بە دڵ سڵاو دەنێرم
        
        نەواری تایبەتیە
        
        بە ئیمێل بۆت دەنێرم
        
        قەول و بەڵێنیم داوە
        
        جێ ناهێڵم کوردوستان
        
        پیر دەکاتەوە جەوان
        
        زۆر خۆشە شنەی کوێستان
        
        مەندۆک و شەنگە بیزا
        
        دێنە دەر لە گشت ڕاستان
        
        هەرچی دوورە وڵاتە
        
        پێم خۆشە دەکەم باستان
        
        بۆ خالید چەمچەماڵی
        
        دەخوێنم لە گشت ڕاستان
        
        پڕ بە دڵ سڵاوی لێ بێ
        
        هەتا خاکی ئینگلیسان
        
            
        

This corpus is publicly available for non-commercial use under the CC BY-NC-SA 4.0 license. © Copyright 2020 Kurdish-BLARK

This interface was created by Sina Ahmadi based on Jekyll-DB (Jekyll + ListJS + Bootstrap).