A collection of oral narratives and songs of generations...
Title: ژن به ژنه
Performer: قادر مامەندی
Category: Bend
Dialect: Sorani
Audio:
Text:
چوومه جێژوانی یارێ
لێیدام بارانە و ڕێژنە
پێم کوت با بڕۆین دوو بە دوو
ئەوڕۆ بیکەین بە جێژنە
پڕ بە دڵم خۆشم دەوێ
کوشمی ئەو باڵا و بەژنە
ئێستا بۆو بەیان دەکەم
وەعزی چۆنە ژن بە ژنە
تو خوا ژن بە ژنەی مەکەن
ئیشتیبایە ئەو کارە
دەبینی کچێکی جوانە
عەینەن غەڵفە چنارە
دەیدەن بە کوڕێکی پیسە
کەچەڵ و کوێر و خوارە
چوونکینێ ژن بە ژنەیە
بە زۆری دەیکەن مارە
خۆ کچە دەسەڵاتی نیە
هیچی نامێنێ چارە
پێی خۆشە ئێعدام بکرێ
زوو بیدەن لە سێدارە
دەڵێ بووک نیمە دیلم
نامهەوێ بۆچمە تارا
تو خوا ژن بە ژنەی مەکەن
کارێکی ئیشتیبایە
هەرچەن ئەوەلێ خزمن
دەبنە دوژمن لە دوایە
غەدرێ لە کچەکان مەکەن
مردن دە گۆڕێ دایە
بە زۆریان بە مێرد مەدەن
عومریان مەدەن بە زایە
تو خوا ژن بە ژنەی مەکەن
بەدبەختی گەورە ئەوە
یەکی دە منداڵیان بێ
پازدە ساڵ بن پێکەوە
ئەگەرکو یەکیان بڕوا
ئەوی دیکەش دەچتەوە
کابرا لە حەیفان دەمرێ
وەک مزی دەتوێتەوە
هەرچەن فیکری لێ دەکا
سەیرە کچ گۆڕینەوە
نسحەتم لە گوێ بگرن
تا لە دونیا بمێنن
سەروەتی خۆو خەرج کەن
ژنێ بۆ کوڕەکەو بێنن
تو خوا ژن بە ژنەی مەکەن
دوو ماڵان مەشێوێنن
هەرچەن ئەوەلێ خزمن
مانگێکی دەیگوزەرێنن
دوایە دەبن بە دوژمن
یەکتری دەبوغزێنن
هیچ عیلاجو نامێنێ
دەبێ لێکیان وەستێنن
تو خوا ژن بە ژنەی مەکەن
خەراپە و بەحسی سەرە
دەڵێی سۆندێو بۆ دەخۆم
بۆ ئایەندەی زەرەرە
شەو و ڕۆژ دایم و سەعات
دەبێ بە شەڕ و هەرا
هەر جارەی یەکیان دەڕوا
هەر دووک ماڵ دەبن خەرا
تو خوا ژن بە ژنەی مەکەن
زیندەگیو لێ دەبێ تاڵ
شەوێ تاکوو بەیانی
هیچیان نانوون بێ خەیاڵ
هەر جارەی یەکیان دەڕوا
وێران دەبن هەر دوک ماڵ
ئەو کچانەی بە ژن دەچن
قەت ناگەن بە ئارەزوو
چوونکینێ ژن بە ژنەیە
تەڵاق دەدرێنەوە زوو
چەمۆتەیان داگرتوە
وەک لۆتی مەیموون مردوو
قیمەتیان دێتە خوارێ
ئەوجار دەبنە دەستی دوو
دەکەم باسی ژن بە ژنەی
نەڵێن قادر بێهۆشی
ئەو کچانەی بە ژن دەچن
دەمێک نابینن خۆشی
لە بەر فیکر و خەیاڵات
تووشیان دەبێت نەخۆشی
دەڵێ بابە بۆ وات کرد
بتبینم بە ڕەشپۆشی
قەت کێشەی نابڕێتەوە
وەکوو خوێنی سیاوەشی
دەکەم بەحسی ژن بە ژنەی
بۆت دەڵێم یەک ئاهەنگی
خۆ کچە لە ماڵە بابی
دانیشتوە بە بێ دەنگی
ڕۆژێکی دەیگۆڕنەوە
وەکوو ئەسیری جەنگی
خۆ کچە لە نارەحەتیان
زەرد هەڵدەگەڕێ ڕەنگی
تووشی نەخۆشیە دەبێ
دەفڕێنن بۆ سوورەنگی
ئەوەش بەحسی ژن بە ژنەی
ئەو بەندەم بۆ داناوە
دەیبەن لە بۆ دوکتووری
ئەو جوان و بەڵەک چاوە
گەر دوکتور وای دەبینێ
دیارە بە حاستەم ماوە
دەڵێ خودا غەززەبێ وە
بۆ وا درەنگوو هێناوە
ئەگەرموعاینەی دەکا
جەرگ و دڵی سووتاوە
دەڵێ چارەم پێ ناکرێ
بە زۆریو بە ژن داوە
تو خوا ژن بە ژنەی مەکەن
پیسە و مۆدی قەدیمە
ئەو کچە یەک بە خۆی دەڵێ
بەو سەیەی ڕازی نیمە
بە زۆریان بە شوو داوم
بابم وا موزاحیمە
جا کچە یەک بە خۆی دەڵێ
بابە ببی بە پردم
دۆستێکی بە دڵم گرتبوو
ئەتۆ غەدرت لێ کردم
دەگەڕای بە دێیان دا
سەت لەبۆ پەیدا کردم
چوون دەسەڵاتم نەبوو
بە زۆریت مارە کردم
چارەم نایە بە دوکتور
دەمرم تازە ڕابردم
تو خوا ژن بە ژنەی مەکەن
با نەمێنێ ئەو دابە
ئەو کچە جوان و فریشتە
هەر دەڵێی کوللوسابە
تووشی نەخۆشیێ دەبێ
دڵی هیچ شتێک نابا
دەڵێ بە کافری بمری
خوداگیرم بی بابە
بۆت دەڵێم دوو گۆرانی
دانیشتوومە بێ لەیان
شەو و ڕۆژ دوعا دەکەم
نەعلەت لە پیاوی غەییان
ئەوەش وەعزی ژن بە ژنەی
بۆ خەڵکیم کردوە بەیان
This corpus is publicly available for non-commercial use under the CC BY-NC-SA 4.0 license. © Copyright 2020 Kurdish-BLARK
This interface was created by Sina Ahmadi based on Jekyll-DB (Jekyll + ListJS + Bootstrap).